بەیاننامەی هاوبەش

لەسەر کوشتنی تراژیدی د. سانا کەمال و خێزانەکەی

پێکەوە ئەم رێکخراوانەی خوارەوە دڵتەنگی و ترسی قووڵی خۆمان دەردەبڕین لەهەمبەر کوشتنی دڕندانەی د. سانا کەمال و د. سەناریا کەمال و سەباحەت زاهیر و مامۆستا کەمال کۆیی لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوو. ئەم کردەوە قێزەوەنەی توندوتیژی کە مێردی د. سانا ئەنجامیدا دوای چەندین ساڵ خراپ مامەڵەکردن لە گەڵیدا پێویستی بە سەرنجدان و کرداری دەستبەجێ هەیە.

ژنکوژیی پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بۆتە کێشەیەکی بەربڵاو کە بەڕۆکی کۆمەڵگاکەمان بەر نادات. لە ساڵی ٢٠٢٤، (٤٠) حاڵەتی ژن کوژیی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و لەم ساڵدا تاوەکو ئەمڕۆ ١٥ ژن کوژراوە کە ٨ یان بە چەک کوژراون. لە ڕاستیدا، داتای گشتی بەردەست نیە لە سەر حاڵەتەکانی ژنکوژیی و زۆربەی جار ئەم حاڵەتانە ڕیپۆرت ناکرێت.

نابێت هیچ ژنێک لە ژیانێکدا بێت کە لە ناو مەترسی توندوتیژی یان کوشتن بێت. هاوسەرگیری زۆرەملێ و زۆرلێکردن و دانانی کۆت و بەند لەسەر مافی ژن لە جێهێشتنی هاوسەرێکی خراپمامەڵەکار لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژین لە سەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی کە ڕێگە بۆ تاوانی ئاوا قێزەوەن خۆش دەکەن.

ئەم کارەساتە وەبیرهێنەوەیەکە کە دەکرێت توندوتیژی بەرۆکی هەر کەسێک بگرێت – سەرەڕای ئاستی خوێندن و پیشە و پێگەی کۆمەڵایەتی یان ئایین. د. سانا ژنێک بوو کە خاوەن ئاستێکی بەرزی خوێندن و پڕسەرچاوە و پابەند بە ئایین بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی ساڵانێکی زۆری خراپمامەڵەکردن و کوشتن بووەوە. توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی هیچ سنوورێکی نییە و ڕەگی داکوتیوەتە ناو هەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتییە زیانبەخشەکان.

لێرەدا بانگەوازێک ئاڕاستەی دامودەزگاکانی حکومەت و ڕابەرە ئاینیی و کۆمەڵایەتییەکان و هەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە دەکەین بۆ:

  1. هێنانەکایەی دادپەروەریی بۆ هەموو قوربانییانی ژنکوژیی لەڕێگەی دادگاییکردنی ئەنجامدەرانی توندوتیژی بە گوێرەی یاسا، لە نێوانیاندا کەیسەکەی د. سانا.
  2. بەهێزکردنی پاراستنە یاساییەکان و جێبەجێکردنیان لە سیستەمی دادوەریی گشتی بۆ ژنان بە مەبەستی پاراستنی مافەکانیان و دەستڕاگەشتنیان بە دادپەروەری بە بێ ترس یا پەڵەی شەرمەزاری.
  3. وەبەرهێنان لە میکانیزمەکانی پاراستن لەڕێگەی فراوانکردنی دەستڕاگەیشتن بۆ خانەکانی داڵدەدان و هاوکاری یاسایی و پاڵپشتی دەروونی بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
  4. زیادکردنی پاڵپشتی خێزانیی و پاڵپشتییەکانی تر بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی خێزانیی بە مەبەستی ڕێگرییکردن لە پەرەسەندنی توندوتیژی.
  5. بەشداری پێکردنی پیاوان و کوڕان لە هەوڵەکانی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژن و جەختکردنەوە کە هەرگیز پیاوەتی بە زاڵبوون و زۆرلێکردن و توندوتیژی نەبەستراوەتەوە.
  6. دڵنیابوون لە بەشداریکردن ژنان لە داڕشتنی پەیڕەو و خزمەتگوزارییەکان کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندارە بە چارەسەرکردنی پێویستییەکانی ژنان و برەودان بە بەرپرسیارێتی لە سیستەمی دادوەریدا.
  7. دڵنیابوون لە ڕووماڵکردنێکی بەرپرسانە لە میدیاکان کە ئیدانەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بکات و ئەنجامدەرانی توندوتیژی بە بەرپرسیار دابنێت لە بەردەم یاسادا و توندوتیژی ئاسایی نەکرێتەوە یان بەهانەی بۆ بهێنرێتەوە لە ڕێگەی بەکارهێنانی زمانێک کە لە تاوانەکە کەم دەکاتەوە یان خەتاکە دەخاتە سەر قوربانی. نابێت هیچ دەزگایەکی میدیایی بوار بە بکوژێک بدات بەرگری لە تاوانەکانی خۆی بکات یان پاساویان بۆ بێنێتەوە.

ئەم تاوانی کوشتنە رووداوێکی جوداکراو نییە، بەڵکو بەشێکە لە بازنەیەکی گەورەتری توندوتیژی لە دژی ژن کە پێویستە دەستبەجێ چارەسەربکرێت. د. سانا بە درێژایی ژیانی هاوسەرگیری خۆی ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانیی دەبووەوە. کاتێک توندوتیژی خێزانیی دژی ژنان تێپەڕدەبێت بە بێ بەرەرنگاربوونەوە و کاتێک سەلامەتی و مافەکانی ژنان ناپارێزرێت ئەوا پەرە دەسێنێت بۆ کوشتن.

دەتوانین ڕێگریی لە ژنکوژیی بکەین. حاڵەتێکی جوداکراو نییە و سوپرایز نییە؛ بەڵکو لوتکەی کۆبوونەوەی توندوتیژییە. خێزان و هاوڕێ و کۆمەڵگە و ڕابەرە ئاینییەکان و حکومەت، ئەرکی هەمووانە ڕێگریی لە تاوانی ئاوا بکەن. کێ لە ئێمە بەرگری لەم تاوانە قێزەوەنە دەکات یان پاساوی بۆ دێنێتەوە؟

ئێمە هاودەنگ و هاوشان دەبین بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە ڕووبەڕووی هەڕەشە لەسەر سەلامەتییان دەبنەوە و پابەندیی خۆمان دوپات دەکەینەوە بۆ جیهانێک کە تیایدا هیچ ژنێک ناچار ناکرێت لە پەیوەندییەکی بەدمامەڵە بمێنێتەوە و جیهانێک کە توندوتیژی هیچ خێزانێک بەش بەش ناکات ودادپەروەری بە خێرایی جێبەجێدەبێت و هیچ لێخۆشبوونێک بۆ ژنکوژیی نییە.

ئەم رێکخراوانەی خوارەوە پابەندن بە کرداری هاوبەش و یەکگرتوو بۆ رێگریکردن لە ژنکوژیی لە کوردستان و بە بەرپرسیاردانانی ئەنجامدەرانی توندوتیژی و هەروەها کارکردن لە پێناو بنیاتنانی خێزانی تەندروست و کۆمەڵگای سەلامەت:

  • رێکخراوی سیید

  • رێکخراوی ئاسودە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
  • رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
  • رێکخراوی ئاماژە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی
  • رێکخراوی مەسەلە (المسلة) بۆ پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان
  • یەکێتی ژنانی کوردستان
  • یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
  • رێکخراوی ئینماء بۆ پەرەپێدانی مرۆیی
  • رێکخراوی موڤسەنتەر بۆ پرسەکانی مافی مرۆڤ
  • رێکخراوی تواناسازی ئافرەت
  • ڕێکخراوی پێگەیاندی ئافرەتان WRO
  • ڕێکخراوی خاڵک بۆ گەشەپێدان
  • ڕێکخراوی جیهانی مافی مرۆڤ
  • ڕێکخراوی زە‌حمەتکێشانی کوردستان
  • کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان
  • ڕێکخراوی لوتس فلاوەر
  • ڕێکخراوی کوردستانی ئازادی و گۆڕانکاری