بەیاننامەی دەزگای سیید سەبارەت بە هەموارە پێشنیازکراوەکان بۆ یاسای باری کەسیی عێراقی هەموارکراو ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩

هەولێر، عێراق – ٨ی ئابی ٢٠٢٤: دەزگای سیید نیگەرانیی قووڵ دەردەبڕێت سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێستای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسیی عێراقی هەموارکراو ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. سید ئەم هەموارانە وەک پاشەکشەیەکی بەرچاو بۆ ژنان و منداڵان لە عێراق دەزانێت کە مەترسی لەسەر مافە سەرەتاییەکانیان دروست دەکات و شەرعیەت دەدات بە چەندین جۆری جیاوازی توندوتیژی وە ئەمەش دەبێتە هۆی ناڕێکی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی یاساکان. سەرەڕای ئەمەش یەکلایکردنەوەی کێشەکانی باری کەسیی لە دەرەوەی سیستەمی دادوەری دەبێتە هۆی بێبەشبوونی هاووڵاتییانی عێراقی، بە تایبەتی ژنان و منداڵان، لەو مافانەی کە دەستور دەستەبەری کردوون.

هەموارە پێشنیازکراوەکان کە خوێندنەوەی یەکەمیان لە چواری مانگی ئابدا بۆ کراوە وا نیشاندەدرێت کە هاووڵاتیانی عێراق سەرپشک دەکات لە هەڵبژاردنی مەزهەبی ئایینی خۆیان سەبارەت بە کاروباری باری کەسیی بەڵام ئامانج لێی کەمکردنەوەی مافەکانی ژنان و منداڵانە. ئەم هەموارەی ئێستا درێژەی هەوڵەکانی پێشووە بۆ هەموارکردنی ماددەی ٥٧ی یاسای باری کەسیی، کە مەبەست لێی بێبەشکردنی ژنان بوو لە مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ. ئێمە بڕوای تەواومان هەیە کە دەبێت ئەو هەموارانە تێنەپەڕێندرێن لەبەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:

١. هەموارە پێشنیازکراوەکان دابەشبوونەکان لە کۆمەڵگەی عێراقیدا قووڵتر دەکاتەوە و جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکاندا لە نێویاندا مەزهەبە ئاینی و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان دروست دەکات. ئەمەش نایەکسانی دروست دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراقییەکان دەکرێت بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق.

٢. هەموارە پێشنیازکراوەکان دەسەڵاتی دادوەریی عێراقی لاواز دەکات لە ڕێگەی زەوتکردنی دەسەڵاتەکانی دادگا وە دەبێتە هۆی لاواز کردنی متمانەی خەڵک بە دەوڵەت.

٣. هەموارە پێشنیازکراوەکان گۆڕانکاری لە سیستمی کۆمەڵایەتیدا دەکات و یەکڕیزی خێزان تێکدەدات و بە پێچەوانەی ئاراستەی دەستپێشخەرییەکانی دەوڵەتی عێراقە بۆ برەودان بە پاراستنی ژنان و منداڵان کە لە نێویاندا ئەو هەوڵەیە کە دەدریت بۆ دارشتنی یاسایەکی گشتگیر بۆ پاراستنی منداڵ.

٤. هەموارە پێشنیازکراوەکان هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا و هاوسەرگیریی منداڵ بە یاسایی دەناسێنێت کە بە کردەوەی زیانبەخش ناسراون و سەلمێندراوە لەسەر ئاستی جیهانی و عێراق کە ژنان و منداڵان لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش دەکات. بەڵگەی زۆر لە بەردەستدایە کە ئەوە نیشان دەدات کە هاوسەرگیرییەکانی دەرەوەی دادگا، ژنان ڕووبەڕووی گیروگرفت دەکەنەوە لە کاتی سەلماندنی هاوسەرگیرییەکەیان و بێبەشیان دەکات لە مافە یاساییەکانی وەک بژێوی (نفقة) و دیاری کردنی رەچەڵەک (نسب) ی منداڵ. هاوسەرگیریی منداڵ، منداڵان لە خوێندن بێبەش دەکات و دووچاری کێشەی تەندروستی وەچەخستنەوە و گرفتی تەندروستی دیکەیان دەکات.

٥. هەموارە پێشنیازکراوەکان پێشێلکاریی زەقی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی عێراقن، بە تایبەتی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤ (ساڵی ١٩٤٨)، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (ساڵی ١٩٦٦)، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان (ساڵی ١٩٧٦)، هەروەها پەیماننامەی مافەکانی منداڵ (ساڵی ١٩٨٩).

دەزگای سیید داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە ڕێگری بکات لە هەموارە پێشنیازکراوەکان و ئەو ماف و ئازادییانە بپارێزێت کە دەستەبەر کراون لە دەستوری عێراق و یاسای نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ – کە عێراق دانی پێ داناوە. داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین کە پابەندبێت بە ڕێبازی مافەکانی مرۆڤ لە دەرکردنی یاساکان بە شێوەیەک کە مافی هەموو هاوڵاتیان بەبێ جیاوازی دەستەبەر بکات، لەگەڵ پاراستنی تایبەت بۆ ژنان و منداڵان.

-کۆتایی-

——————————————————————————

دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەرووندروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و حەواندنەوەی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەوی و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و نەریت و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە: media@seedkurdistan.org