دەزگای سیید بە هاوبەشی لەگەڵ دەستپێشخەریی ڕۆژنامەوانی بۆ پرسی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی (JiG) نامیلکەی مامەڵەکردن و ڕووماڵکردنی ئاکارییانەی ڕزگاربووانی توندوتیژی بۆ میدیاکاران بەردەست دەکەن

٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ – هەولێر، عێراق: ئەمڕۆ، کە هاوکاتە لەگەڵ (ڕۆژی جیهانیی هەواڵ)، دەزگای سیید و دەستپێشخەریی ڕۆژنامەوانی بۆ پرسی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی (JiG) بە خۆشحاڵییەوە بەردەستبوونی نامیلکەی مامەڵەکردن و ڕووماڵکردنی ئاکارییانەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و کەسانی ژێر مەترسی بۆ میدیاکاران، ڕادەگەینن. نامیلکەکە ئامرازێکی گرینگە بۆ پاڵپشتیکردنی ڕۆژنامەوان و فۆتۆگرافەر و سەرنووسەران لە ڕووماڵکردنی ژنان و پرسی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها جیهانیش.

ڕووماڵی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی زۆر گرینگە بۆ هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن لە گۆڕانکاری، بەڵام دەبێت بە وریاییەوە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی زیانەکان چڕتر نەبنەوە. پێویستە هاوسەنگیی لە نێوان گێڕانەوەی چیرۆکەکە و، پاراستنی کەرامەت و سەلامەتیی ڕزگاربووان، بپارێزرت.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زۆری حاڵەتەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، لەوانەش ژنکوژی، و کوشتن بە بیانووی “ئابڕوو” لە عێراق و کوردستان، پێویستیی برەودان بە مامەڵەیەکی ئاکارییانە و نوێنەرایەتیکردنی هەموو ژنان لە میدیاکاندا، قورساییەکی زیاتر وەردەگرێت. مامەڵە و نوێنەرایەتییەکی دروستی ژنان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی مەترسیدار و چەواشەکارانە کە ڕەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕای گشتی هەبێت – ببێتە هۆی بەرجەستەبوونی وتاری مەترسیداری کۆمەڵایەتی یان هاندانی توندوتیژی زیاتر دژی ژنان.

ژنان، بە تایبەتی ئەوانەی لە توندوتیژی ڕزگاریان بووە، پێویستە بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، پاراستن و سەلامەتییان وەک کاری لەپێشینە بناسرێت و هەروەها بە شێوەیەکی شکۆمەندانە لە لایەن میدیاوە نوێنەرایەتی بکرێن. ئەم خاڵە دەبێت گرینگیی تەواوی پێ بدرێت، بە تایبەتی بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، بەو پێیەی توندوتیژی – بە دیاریکراوی بەدمامەڵە و گێچەڵی ئۆنڵاین – بەرانبەر بە کاندیدە ژنەکان لە خولەکانی پێشووی هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا دیاردەیەکی باو بووە.

ئامانج لەم نامیلکەیە برەودانە بە زانیاریی میدیاکاران، بە تایبەتی لەسەر ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی بەئاگا و هەروەها ڕەوانەکردن بۆ پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری لە کاتی پێویستدا. هاوکات، نامیلکەکە ئامرازە پراکتیکییەکان دەخاتە ڕوو کە ئامانجیان دڵنیابوونە لەوەی کە ڕووماڵە میدیاییەکان مەترسی لەسەر ڕزگاربووان دروست ناکات یان زەبری دەروونی لە دەروونیان زیندوو ناکاتەوە.

هاوبەشیی نێوان دەزگای سیید و دەستپێشخەریی JiG جەخت لەسەر پابەندبوونێکی هاوبەش دەکاتەوە بۆ باشترکردنی نەریتە میدیاییەکانی پەیوەست بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، و دیدێکی هاوبەش بۆ پێشخستنی پیشەیەکی ڕۆژنامەگەریی بەرپرسیار کە سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی ڕزگاربووان تێیدا کاری لەپێشینە بن.

ڕۆژی جیهانیی هەواڵ دەستپێشخەرییەکی جیهانییە کە ئامانجی ڕاکێشانی سەرنجی گشتییە بۆ ئەو ڕۆڵەی کە ڕۆژنامەنووسان دەیگێڕن لە پێشکەشکردنی هەواڵ و زانیاریی متمانەپێکراو کە خزمەت بە هاووڵاتیان و بنەما دیموکراسییەکان دەکات. ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک، دەزگای سیید و JiG داوا لە میدیاکان دەکەن کە درک بە هێز و قورسایی قسە و کردارەکانیان بکەن.

ئێستا نامیلکەی میدیایی بۆ میدیاکاران بە زمانەکانی عەرەبی، کوردیی سۆرانی، و ئینگلیزی بەردەستە، و دەتوانن لە ماڵپەڕەکانی دەزگای سیید و JiG دایبەزێنن..

-کۆتایی-

ئەم بەرهەمە ڕەنگدانەوەی ئەو بنەما سەرەکییانەیە کە لە (بێدەنگی و فەرامۆشکردن: نامیلکەی میدیایی بۆ ڕووماڵکردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی) تیشکیان خراوەتە سەر، کە لە لایەن ناوەندی سەرکردایەتی جیهانیی ژنان و ڕوتگس (Rutgers) و زانکۆی ویلایەتی نیو جێرسی لە ساڵی ٢٠٢١ بڵاو کراوەتەوە.

دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەرووندروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و حەواندنەوەی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەوی و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و نەریت و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

دەستپێشخەریی ڕۆژنامەگەری بۆ توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی(JiG) لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیمانگەکانی ڕۆژنامەگەری کار دەکات بۆ بەهێزکردنی ڕووماڵی پرسی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی حاڵەتەکانی ئەم توندوتیژییە لە ئاستی جیهانیدا و داکۆکیکردن لەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی لە ژێر هەڕەشەدان – بەتایبەتی ئەوانەی لە کۆمەڵە پەراوێزخراوەکانن و ئەوانەی کە هێرشیان دەکرێتە سەر بەهۆی ڕووماڵکردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی. دەستپێشخەرییەکە بەشێکە لە (پەیمانگای سەرکردایەتی ژنان لە ڕوتگس) و (ڕوتگس گڵۆباڵ). بەستەری ماڵپەڕەکەمان: https://gbvjournalism.org/.

بۆ پەیوەندی:

دەزگای – media@seedkurdistan.org

دەستپێشخەریی (JiG) – cathy.otten@rutgers.edu