Photo Credit: Contributed by Coalition 188

عێراق لە دووڕیانێکی هەستیاردا: هەمواری پێشنیازکراو بۆ یاسای باری کەسیی، واتای چی دەگەیەنێت بۆ هەرێمی کوردستان!

نووسینی: تانیا گلی خەیلانی

وەک ژنێکی کورد کە رەگ و ریشەی بنەماڵەییم بە قووڵایی خاکی کەرکوکدا رۆچووە، بە قووڵی بایەخ بە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی داهاتووی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەم. هەروەها من وەک پەرلەمانتارێکی پێشوو، بە قووڵی گرنگی بە تۆکمەیی و هێزی پرۆسەی سیاسی دەدەم و ئاگاداری ئەو رۆڵە زیندووەم کە لە رەنگدانەوە و پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ناسنامەی کولتووریدا دەیگێڕێت، لە پاڵ داڕشتنی ماف و پاراستنی دادپەروەرانە بۆ سەرجەم هاووڵاتیان. هەمواری پێشنیازکراو بۆ یاسای باری کەسیی مەترسییە بۆ سەر هەردوو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

هەر لە سەرەتاوە هەموارە پێشنیازکراوەکە رووبەڕووی ناڕەزایی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەتەوە. نیگەرانیی جددی سەبارەت بە هەموارەکە هاتۆتە ئاراوە بەهۆی کەمکردنەوە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی ژنان و منداڵان و زیادبوونی توندوتیژی و جیاکاری لە دژیان و لاوازکردنی سیستەمی خێزان و قووڵکردنەوەی دابەشبوونی تایفەگەری و لاوازکردنی متمانە بە دەوڵەت و سازشکردن لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی دامەزراوە گشتییەکان. ئەم نیگەرانییانە لەلایەن بەشێکی بەرفراوانی کۆمەڵگەی عێراقییەوە خراونەتەڕوو کە پێک دێن لە پەرلەمانتاران و کەسانی ئەکادیمی و زانایانی ئایینی و چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. مشتومڕەکان گەرم و بەردەوامن و لەم دواییانەدا گەیشتن بە لوتکە ئەویش لە ڕێگەی دروستبوونی هاوپەیمانییەکی بەرفراوان بۆ بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان و رێگریکردن لە گەیشتن بە ڕێژەی یاسایی (النصاب القانوني) پێویست بۆ خستنەڕووی هەموارەکە بۆ دەنگدان. بەرهەڵستیی بەرفراوان لە دژی ئەو هەموارە و بۆچوونە جەمسەرگیرەکان لە سەرانسەری کایەی سیاسیدا ئەو لێکدابڕانە قووڵەی دەرخستووەکە میللەتەکەمان پێوەی دەناڵێنێت.

لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئێستا ئەم گەشەسەندنە تەنیا بە ئاستێکی زۆر کەم لە پێڤاژۆی هەرێمی کوردستاندا خراونەتەڕوو کە خۆێندنەوە و بەدواداچوون بۆ کاریگەرییەکانی لە سەر هەرێم بکات. رەنگە خۆمان فریو بدەین ئەگەر وا گریمانە بکەین لەبەرئەوەی ئەم بابەتە دەکەوێتە دەرەوەی دەسەڵاتە ژمێردراوەکانی حکومەتی فیدراڵی، بۆیە یاسای هەموارکراوی باری کەسیی بەبێ پەسەندکردنی فەرمی لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان نابێت و لە کاریگەرییە خراپەکانی بەدوور دەبین. بەڵام ئەمە دەرئەنجامێکی کورتبینانەیە چونکە ڕەچاوی ئەو تۆڕە ئاڵۆزە ناکات کە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و سیستەمەکانیان پێکەوە تێیدا دەژین. گومان لەوەدا نییە کە کاریگەرییە یەک لە دوا یەکەکانی ئەم هەموارە لە سەرانسەری کوردستاندا پەلوپۆ دەهاوێت.

هەمواری پێشنیازکراو بۆ یاسای باری کەسیی ڕێگە بە عێراقییەکان دەدات کۆمەڵێک ئەحکامی کۆکراوە (المدونات) هەڵبژێرن کە لەلایەن پیاوانی ئایینی لە ئەنجومەنی زانستی وەقفەکانی شیعە و سوننە ئامادەکراون لەبری ئەو ئەحکامە یەکخراوە یاساییانەی کە ئێستا لە بواری ڕێکخستنی بابەتی باری کەسیدا لەبەردەستدان. سەرەڕای شێواندنی دیدگای دەوڵەتی مەدەنی سەبارەت بە ماف و پاراستنی یەکسان بۆ هەمووان و سازشکردن لەسەر سەربەخۆیی و بێلایەنی سیستەمی یاسادانان و دادوەری لە عێراق و تێکدانی سەروەری یاسا – کە هەموو ئەمانە بە درێژیی باس کراون – ئەگەر ئەم گۆڕانکارییە پەسەند بکرێت، ناتەباییەکی قووڵ لە نێوان میکانیزمە بەردەستەکان دروست دەکات بۆ ڕێکخستنی بابەتی باری کەسیی لە عێراق و لە هەرێمی کوردستاندا.

ئێستا، لە گەڵ رەچاوکردنی هەندێک حاڵەتی هەڵاوێردە (استثناء)ی کەم، یاسای باری کەسیی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ لە عێراق و یاسای باری کەسیی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، تاڕادەیەکی زۆر پێکەوە گرێدراون. ئەمەش تا ئەمڕۆ، ئەگەری ناکۆکی و ناتەبایی لە جێبەجێکردنی یاسا پەیوەندیدارەکاندا کەمکردووەتەوە – وەک یاسای رەگەزنامەی عێراقی ژمارە ٢٦ی ساڵی ٢٠٠٦ و یاسای کارتی نیشتمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ – کە هەموو هاووڵاتیانی عێراق و کوردستان دەگرێتەوە. لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردنی بابەتە سەروەرییەکان پشت بە دەسەڵاتی فیدراڵی دەبەستێت – لەوانەش دەرکردنی بەڵگەنامەی مەدەنی و ناسنامە و تۆمارکردنی هاوسەرگیری و بنەچە – ڕێبازە و ستانداردە یەکخراوەکان لەسەر ئاستی فیدراڵی و هەرێم ئاسۆی دەستڕاگەیشتن و مامەڵەی یەکسان لە سەرانسەری وڵاتدا بەرز دەکەنەوە. بەڵام ئەگەر هەموارەکە پەسەند بکرێت، ئەوا ئەو پارێزبەندییانە وەلادەنرێن و کۆمەڵێک چوارچێوەی جیاواز دروست دەبن. ئەمە دەبێتە هۆی گەڵاڵەبوونی ڕێوشوێن و ڕێکاری جیاواز کە جێبەجێکردنی یاساکان ئاڵۆز دەکات و لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا تاکەکان بەدوای ئەو ڕێسایانەدا بگەڕێن کە لە بەرژەوەندیاندایە یان مەمەڵەی نەرمتری تێدایەبۆیان. هەروەها ئەمە ڕێگریی لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی باری کەسیی بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی خۆی و دەبێتە مایەی دروستکردنی ئاڵۆزیی پێشبینینەکراو لە پرۆسەکانی بیرۆکراسیدا.

ناتەبایی نێوان ئەو دوو چوارچێوەیە بە شێوەیەکی تایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک کەرکوکی زێدی من دەردەکەوێت، کە بە درێژایی مێژوو کایەکانی حوکمڕانی تیایدا رووبەڕووی ململانێیەکی گەرم بەردەوامدان. لە هەندێک لەم بوارانەدا، رەنگە خەڵک پرسەکانی باری کەسیی خۆیان بخەنە بەردەم دامەزراوە یان فەرمانگە کارگێڕییەکانی حکومەتی هەرێم یان فیدراڵی، ئەمەش کۆسپ دەخاتە بەردەم ڕێبازێکی ستاندارد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرسانە سەبارەت بە دانیشتوانی قەزا و پارێزگاکان. سەرەڕای ئەوەش، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی زۆری هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە جێناکۆکەکاندا، کە وابەستەیی و پەیوەندییەکی بەرچاویان لەگەڵ دانیشتوانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەو تێگەیشتنە نوێیانەی کە لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی یاسا فیدراڵییەکەوە دێنە ئاراوە، دەشێت – بە تێپەڕبوونی کات – بچنە ناو داب و نەریتە ناوخۆییەکان و، لە کۆتاییدا، پەلبهاوێن بۆ ناو یاساکانی هەرێمی کوردستان. دەبێت ئەمەشمان لەبەر چاو بێت کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانە عێراقییەکان لە کوردستان دەژین و سەرئەنجام بەرکەوتنیان لەگەڵ چوارچێوە فیدراڵییە نوێیەکە دەبێت.

لەوەش لەپێشتر، ئەگەر هەموارە پێشنیازکراوەکە بە جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە لەگەڵ پرنسیپەکانی دەستووری عێراق هاوتەریبە و پەسەند بکرێت، ئەوا لەوانەیە دەستووریبوونی یاسای باری کەسیی بەرکار لە هەرێمی کوردستاندا بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. رەنگە ئەمەش ببێتە هۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەرێم لە دادگای باڵای ئیتیحادی بە پاساوی پابەندنەبوون بەو ئەحکامە دەستوورییانەی کە لە مادەی ٤١دا هاتوون. ئەمە دەبێتە مایەی زێدەبوونی گوشارەکان لەسەر پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی زیاتر چوارچێوەی خۆی لەگەڵ یاسای فیدراڵیدا هاوتەریب بکات و سازش لەسەر دەسەڵاتی یاسادانانی خۆی بکات لەمەڕ ئەو بابەتانەی کە دەکەونە دەرەوەی دەسەڵاتە ژمێردراوەکانی حکومەتی فیدراڵی.

وەک چۆن هەندێک ماددە و بڕگەی یاسای باری کەسیی بەرکار لە هەرێمی کوردستان پێشتر کەوتوونەتە بەر هێرشی تانەلێدان – لەوانە ئەو ئەحکامانەی کە مافی ژنان و منداڵان بەهێز دەکەن و تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری بەرز دەکەنەوە و یەکسانی لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا مسۆگەر دەکەن و فرەژنی سنووردار دەکەن – و ئەمە دەبێتە هۆی رەخساندنی دەرفەتێک کە دەتوانرێت لەلایەن گروپەکانی بەرژەوەندیی تایبەتەوە بقۆزرێتەوە، بە مەبەستی لەناوبردنی پارێزگارییە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان بۆ کۆمەڵگا کەمدەست و لاوازەکان. ئەم لێکەوتەیە زیانێکی بێئەندازەی دەبێت. ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی لە ڕووی مێژووییەوە لە ناوچەکە جیاکردۆتەوە و پشتیوانی و هاوبەشیی و وەبەرهێنانی لە سەرانسەری جیهانەوە بۆ ڕاکێشاوە سەرکردایەتی و تۆماری بەرفراوانی کوردستانە لە بواری مافەکانی ژنان و، هەر پێشێلکارییەکی ئەم مافانە، رەنگە ببێتە وەرچەرخانێکی قووڵ لەو رێڕەوەی کە لەسەر ئاستی جیهاندا بە نموونەیی و گشتگیر ناسێنراوە و سازش بێت لەسەر متمانە و پێگەی ئێمە لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

زۆر گرنگە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، هەنگاوی خێرا و هاوئاهەنگ و بەکۆمەڵ بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە پێشڤەچوونی هەموارە پێشنیازکراوەکە. مەترسییەکان – نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ دەسەڵات و متمانە و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و پاراستنی تەواوی دانیشتوانەکەی – زۆر گەورەن. ئێستا کاتی ئەوەیە بە یەک دەنگ ڕووبەڕووی ئەم پێشهاتە ببینەوە.

* لە ئینگلیزییەوە وەگێڕدراوە.