لەگەڵ دەستپێکردنی ١٦ ڕۆژ چالاکی دژ بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی
دەزگای سیید بە ئەنجامدانی زنجیرە چالاکییەک پابەندبوونی خۆی
بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان دووپات دەکاتەوە
هەولێر، عێراق – ٢٥ی تشرینی دووەم – ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣: هەموو ساڵێک (١٦ ڕۆژ چالاکی دژ بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی) دەرفەتێک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی دەڕەخسێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و نواندنی کردار لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی، سێکسی، کۆمەڵایەتی، یان ئابووری، کە دەرئەنجامی هەبوونی نایەکسانی نێوان ژن و پیاو.
لە سەرانسەری دنیادا، عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە فراوانترین جیاوازی تێدا بەدی دەکرێت لە نێوان ژن و پیاودا، ئەمەش لە چەند بوارێکی وەک دەرفەت و بەشداریی ئابووری (٢٢.٨٪)، دەرفەتی خوێندن، تەندروستی و بەشداریی سیاسی ڕەنگی داوەتەوە؛ وڵاتە لە کۆی ١٥٦ وڵات لە ڕیزبەندی ١٥٤ەمین دایە. هەروەها، عێراق بەرزترین ڕێژەی توندوتیژیی هاوسەری لێ تۆمار کراوە، بە جۆرێک کە لە ١٢ مانگی ڕابردوودا ٤٥٪ی ژنان لە وڵاتەکەدا ڕایانگەیاندووە کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە. هاوکات، زەنگێکی مەترسیدارە کە ٥٠٪ی ئەو کچ و ژنانەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق لە لایەن (UN Women)ەوە ڕاپرسییان لەگەڵ کراوە، گوتویانە کە خۆیان یان کەسێکی نزیکیان دووچاری توندوتیژیی ئەلیکترۆنی بووەتەوە. هەر بۆیە دەبێت هەمووان ئەم دەرفەتە بەکار بهێنین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و خۆ تەرخانکردن بۆ ڕیشەکێشکردنی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی بە هەموو جۆرەکانییەوە.
ئەم ساڵ و لە ٢٥ی تشرینی دووەمەوە بۆ ١٠ی کانوونی یەکەم، دەزگای سیید، بە دروشمی “یەک بگرن! بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان” چەند چالاکی و دەستپێشخەرییەکی سەرەکی بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ئەنجام دەدات و پابەندبوونی خۆی بە نەهێشتنی توندوتیژی بەرامبەر هەمووان دووپات دەکاتەوە.
لە ڕێکەوتی ٣/ ١٢/ ٢٠٢٣، دەزگای سیید، وەک هاوسەرپەرشتیاری (گرووپی هەماهەنگی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی) و بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کۆنفرانسێکی یەک ڕۆژە ڕێک دەخات. سیید لە ساڵی ٢٠٢٣ وەک هاوسەرپەرشتیاری گرووپی ئاماژەپێکراو هەڵبژێردرا، ئەمیش دوای هەڵوەشانەوەی (سیستەمی گرووپی سەرپەرشتیکراو لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان)ەوە و گواستنەوەی عێراق لە قۆناخی مرۆییەوە بۆ قۆناخی گەشەسەندن. جێی سەرنجە کە ئەم گرووپەی ئێستا کارایە تاکە میکانیزمی هەماهەنگییە لەسەر ئاستی جیهان کە لە لایەن لایەنی ناوەخۆییەوە بەڕێوە دەبردرێت و دەرفەت بۆ ڕێکخراوی ناوەخۆیی و حکومەت دەڕەخسێنێت کە سەرپەرشتی هەوڵەکان بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی، پاراستنی دەستکەوتە گرنگەکانی ساڵانی ڕابردوو لە بەرگرتن بە توندوتیژی و پاراستن لە دژی، و دڵنیابوونەوە لە پێشخستنی پێویستییە بنەڕەتییەکانی ڕزگاربووانی توندوتیژی. کۆنفرانسەکە سەکۆیەک دەبێت بۆ ڕێکخراوەکان، ئاژانسەکانی یو ئێن، زانکۆکان، و نوێنەرانی نێردە بیانییەکان تا تیشک بخەنە سەر ئەو بەرەوپێشچوونانەی بە درێژایی ساڵ لە دوای گواستنەوە بۆ قۆناخی گەشەسەندن تۆمارکراون؛ هاوکات، پێویستییە گرنگەکان دەستنیشان بکەن و تاوتوێی دەوڵەمەندکردنی زیاتر توانا و شارەزایی لایەنە پەیوەندیدارە ناوەخۆییە کارامەکان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی توندویژیی – لەوانەی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی – بکەن، کە ئەمڕۆ بەربڵاوترین و ناڕوونترین جۆری توندوتیژییە.
دوو کۆنفرانس لە سلێمانی و دهۆک لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ و بەر لە کۆنفرانسەکەی هەولێر ئەنجام دراون. هەردوو کۆنفرانسەکەی پێشوو لە لایەن هاوسەرپەرشتیارانی (گرووپەکانی کارکردن)ی ئەو پارێزگایانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێیەکان و لە ڕێی پاڵپشتی سیید و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە ڕێک خراون.
لە پێناو بەشداریی پێکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە (١٦ ڕۆژ چالاکی دژ بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی)، سیید زنجیرەیەک وۆرکشۆپ لە شەش زانکۆ (زانکۆی سلێمانی، زانکۆی ڕاپەڕین، زانکۆی هەڵەبجە، زانکۆی گەرمیان، زانکۆی سەڵاحەدین، و زانکۆی پۆلی تەکنیکی دهۆک) ئەنجام دەدات. لەم وۆرکشۆپانە، بابەتی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو لەسەر چۆنییەتی ناسینەوە و ڕیپۆرت کردنی توندوتیژیی ئۆنڵاین و هەروەها پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی دووچاری هاتوون، تاوتوێ دەکرێت. دانیشتنەکان لە لایەن پێشکەشکاری ڕاهێنراو لە بواری پاڵپشتیی دەروونی-کۆمەڵایەتی و لە ژێر ڕۆشنایی هەڵمەتی “خۆت و ویژدانت” – کە دەستپێشخەریەکی (گرووپی کاری نیشتیمانیی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی ئەلیکترۆنی)ە کە سیید سەرپەرشتی دەکات – بەڕێوە دەچن.
بە تیشک خستنە سەر چالاکییەکانی دەزگای سیید، دانیشتنی هۆشیاریی یاسایی بۆ ئەندامانی کۆمەڵگە و خوێندکارانی قۆناخی پێنجەمی کۆلێژی یاسا ئەنجام دەدرێت، کە مەبەست لێیان پێدانی بەرچاوڕوونییە بۆ یارمەتیدانی تاکەکان لە درکردن بە مافەکانیان لە چوارچێوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی. هاوکات، زنجیرەیەک لە چالاکیی شێوەکاری و کارسازی بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی و کەسانی ژێر مەترسی بەڕێوە دەچن.
١٦ ڕۆژ چالاکی دژ بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جۆری کۆمەڵایەتی گرنگی خۆی هەیە، بەڵام گۆڕانکاری ڕیشەیی پێویستی بە پابەندبوونی درێژمەودا و هەوڵی ناوەخۆیی هەیە. بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان.
–
SEED Foundation
دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەروون دروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و حەواندنەوەی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەوی و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و نەریت و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.
بۆ زانیاریی زیاتر، پەیوەندی بکەن بە:
مارلی تینۆک، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان: ئیمێڵ ( marley.tinnock@seedkurdistan.org) ، ژمارەی مۆبایل (٨٥٤١ ٨٠٩ ٠٧٥٠ ٩٦٤+)
میدیای دەزگای سیید: media@seedkurdistan.org