ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان

دەبێت، لە پێناو پاراستنی منداڵانی عێراق، خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵان ڕیشەکێش بکەین

هەولێر، عێراق – ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤: ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO)، بەر لە ٢٥ ساڵ، پەیماننامەی ژمارە ١٨٢ی تایبەت بە خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ (١٩٩٩) ئامادە کرد. پەیماننامەکە چوارچێوەیەکی سەرەکیی بۆ پاراستنی منداڵ داڕشت. سەرئەنجام، گشت وڵاتانی دنیا پەیامننامەی تایبەت بە خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ-یان لەخۆ گرت. عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانە بوو و، لە ساڵی ٢٠٠١، پەیماننامە نێودەوڵەتییەکەی پەسەند کرد، کە دەوڵەتان ناچار بە گرتنە بەری ڕێوشوێنی بەپەلە دەکات بۆ ڕیشەکێش کردنی خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ، لە نێوانیاندا، بەشداریی پێ کردنی منداڵ لە ململانێیە چەکدارییەکان.

سەرەڕای ئەوەی لە عێراق، بەسەربازیکردن و بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێیە چەکدارییەکاندا دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵام تا ئێستاش منداڵانی وڵاتەکە پارێزبەندیی پێویستییان لە بەرانبەر ئەم پێشێلکارییە زەقە نییە. چەند بڕگەیەکی یاسای سەربازی و یاسای کار و یاسای چاودێریی نەوجەوانان چەند پارێزبەندییەکی سنووردار دابین دەکەن،بەڵام چوارچێوە یاساییەکە تا ئێستاش بەسەربازیکردن و بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێیە چەکدارییەکاندا بە تاوان ناناسێنێت. هەروەها، چوارچێوەکە، لە پاراستنی منداڵان لە بەدقۆستنەوە و مسۆگەرکردنی دەستگەیشتنی یەکسانیان بە دادپەروەری و چاودێری و پاڵپشتی دوای زیانگەیاندن پێیان، کەموکوڕی هەیە.

حکومەتی عێراق لە پەیماننامەی ژمارە ١٨٢ی تایبەت بە خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ – کە لە لایەن ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتییەوە ئامادە کراوە – ئەندامە. لەم ڕووەوە، بەرپرسیارەتیی حکومەتی عێراقە کە دەستبەجێ و بەوردی کار بکات بۆ قەدەخەکردنی بەسەربازیکردن و بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێیە چەکدارییەکاندا،هاوکات پێویستە هاوکاریی تەواو بۆ شیاندنەوە و تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵایەتییان پێشکەش بکات. خستنەڕووی ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵ لە پەرلەمانی عێراق لە حوزەیرانی ٢٠٢٣، دەرفەتێکی لە بەردەم حکومەتی عێراقی بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارەتییەکانی لە ژێر ڕۆشنایی ڕێککەوتننامەی ناوبراو، ڕەخساند. بە هەر حاڵ، تا ئەمڕۆش ئەم یاسایە گرینگە لە پەرلەمان دەرنەچووە، ئەمەش وای کردووە منداڵانی عێراق لە دەستگەیشتن بە پاراستن و چاودێریی پێویست بێبەش ببن.

دەرچوواندنی یاسایەکی تۆکمە و گشتگیر لە بواری پاراستنی منداڵ گرینگە چونکە، کەموکوڕییەکانی ئێستا پڕ دەکاتەوە و پارێزبەندیی شیاو دەچەسپێنێت و هەروەها ژینگەیەکی پارێزراو و ئارام بۆ منداڵانی عێراق فەراهەم دەکات. ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی کارکردنی منداڵان، سیید داوا لە حکومەتی عێراقی دەکات کە، لە ڕێی ئامادەکردنی یەکجارەکی و دەرچوواندنی دەستبەجێی یاسایەکە، پابەندبوونی خۆی بۆ ڕیشەکێش کردنی خراپترین شێوازەکانی کارکردنی منداڵ دووپات بکاتەوە. هەروەها، لە یاسایەکە چەند بڕگەیەک جێگیر بکات کە بە ڕوونی بەسەربازیکردن و بەکارهێنانی منداڵان لە ململانێیە چەکدارییەکاندا قەدەخە بکات. لە هەمان کاتیشدا، خزمەتگوزاری و پاڵپشتیی پێویست بۆ زیانلێکەوتووان دابین بکات. وەبەرهێنان لە منداڵان، وەبەرهێنانە لە داهاتوومان.

-کۆتایی-

——————————————————————————

دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەرووندروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و حەواندنەوەی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەوی و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و نەریت و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە: media@seedkurdistan.org