ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسی لە ململانێیەکان

گرینگیی هەواڵدانی ئاکارییانە لە دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئارامیی تەواوی ڕزگاربووان

هەولێر، عێراق – ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٤: لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژیی سێکسی لە ململانێیەکاندا، جەخت لە گرینگیی هێزی ئاخاوتنمان دەکەینەوە لە لەقاڵبدانی ڕەفتار و نەریت و باوەڕەکانمان سەبارەت بەم پرسە ترسناکە.

هەرچەندە هەواڵدان لە جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژی گرنگە، لە نێوانیاندا توندوتیژی سێکسی پەیوەست بە ململانێکان، بەڵام پێویستمان بە هەوڵدانی ئاکاریی و سەلامەتە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایش و سەلامەتی ڕزگاربووان، و هەروەها بۆ وەستاندنی دووبارەبوونەوەی پەیامی ڕق و ئازاربەخش کە پارێزبەندی دەدات بە تاوانباران و پەڵەی شەرمەزاری دەخاتە سەر کارلێکەوتووان.

لە ڕێکەوتی ٣ی ئاب نزیک دەبینەوە، کە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی (جینۆساید)ی ئێزیدییەکانە. لە کۆمەڵکوژییەکەدا، هەزاران ژن و کچ، دوای ئەوەی لە بەکۆیلەکردنی سێکسی ڕزگاریان بوو، ڕاستەوخۆ کەوتنە ماتەمگیڕان بۆ لەدەستدانی خزم و کەسەکانیان و، هەروەها، پەرۆشیی هاتنەوەی کەسە ونبووەکانیان لە لا پەیدا بوو. تا ئێستاش، ئەم ژن و کچانە بە دەستی برینی دەروونی و جەستەیی تیمارنەکراو دەناڵێنن.

لە میدیا ناوەخۆی و هەرێمی و جیهانییەکان چاوەڕێ دەکرێت کە، لە یادکردنەوەی ساڵیادی جینۆسایدەکە، تیشک بخەنە سەر ئێش و ئازاری ڕزگاربووان. هەندێک لە ڕزگاربووان بەرەو وڵاتی دیکە ڕۆیشتن، هەندێکی تر گەڕانەوە زێدی خۆیان؛ زۆربەیان توانیویانە زانکۆ تەواو بکەن، هاوسەرگیری بکەن یان خێزان پێک بهێنن. هێشتا زۆرێک لە ڕزگاربووان بە دەست زەبری دەروونیی سەخت و دەرووندروستیی لاوازەوە دەناڵێنن، بەشێکی بەرچاویشیان – لە پرۆسەی چاکبوونەوەیان – بەردەوام ڕووبەڕووی بەربەستی ئابووری و کۆمەڵایەتی دەبنەوە. ئەرکی هەموو میدیاکارێکی وەک ڕۆژنامەنووس و بەرهەمهێنە کە، لە پاراستنی ئەو ڕزگاربووانەی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، ڕەچاوی گرتنەبەری ڕێوشوێنی شیاو و پێویست بکەن، لە نێوانیاندا:

١. وەرگرتنی ڕەزامەندیی پێشوەختە: دڵنیابوونەوە لەوەی کەسەکە دەتوانێت ڕەزامەندیی ئازادانە و پێشوەختە، بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکەی، بدات و هاوکات تێگەیشتنێکی تەواوی لە ئامانج و بەکارهێنانی چیرۆکەکە هەبێت بێ ئەوەی فشاری لەسەر بێت.

٢. سەلامەتیی ئەو کەسانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ دەکرێت: شرۆڤەکردنی ئەو مەترسییانەی دووچاری ئەو کەسانە دێت کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکرێت و دڵنیابوون لەوەی بڵاوکردنەوەی بابەتەکە نایانخاتە ژێر مەترسییەوە.

٣. ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی ئاکارییانە: ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی بە جۆرێک ڕێز لە خود و بۆچوونی هەموو کەسێک بگیرێت و زەبری دەروونی دووبارە نەبێتەوە.

٤. وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن بە شێوەیەکی ئاکارییانە: وێنە و ڤیدیۆی کەسەکان بە شێوەیەکی مرۆڤانە و ئاکارییانە بگیرێت و، لە هەمان کاتدا، ڕێز لە سەلامەتییان بگیرێت و ڕەچاوی ئەگەری بەکارهێنانی شێوازی دیکەی تۆمارکردن بکرێت.

٥. ڕەچاوکردنی ڕێبازی بە ناوەندکردنی ڕزگاربوو لە گێڕانەوەی چیرۆک: داڕشتنی بابەتی بەهێز بە ڕەچاوکردنی ڕێبازی بە ناوەندکردنی ڕزگاربوو و بەکارهێنانی زمانێکی شیاو و دلێرانە.

٦. ڕەوانەکردنی ڕزگاربووانی توندوتیژی و کەسانی ژێر مەترسی: چۆن و بۆ کوێ کەسێک ڕەوانە بکرێت بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزاریی شیاوی پاڵپشتی.

ڕزگاربووانی توندوتیژی و کەسانی ژێر مەترسی لە هەرێمی کوردستان، دەتوانن پەیوەندیی بە سییدەوە بکەن بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی وەک بەڕێوەبردنی گشتگیرانەی کەسی و دەرووندروستی و پاڵپشتیی یاسایی:

referrals@seedkurdistan.org OR 0751 741 6391 / 0776 0944 576.

ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانە جێبەجێ نەکرێن، ئەو ژنانەی لێدوان بۆ میدیاکان دەدەن لەوانەیە ڕووبەڕووی مەترسیی توندوتیژیی زیاتر ببنەوە، لە نێوانیاندا، تۆڵەسەندنەوەی تاوانکاران، توندوتیژیی ئەلیکترۆنی، هەراسانکردن، ژنکوشتن یان توندوتیژیی پەیوەست بە “ئابڕوو”، پەڵەی کۆمەڵایەتی و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی – بە تایبەتی ئەگەر میدیا زانیارییەکی کەسیی ڕزگاربووەکەی ئاشکرا کرد. ئەگەر مەترسییەکان لەم ئاستە مەترسیدارە دابن، ئەگەر ڕووماڵ نەکردنی پێویستیی توندوتیژی زۆر بەرز دەبێتەوە. ڕووماڵکردنێکی شکۆمەندانەی بەسەرهاتەکانی ڕزگاربوو گرینگە، دوورکەوتنەوە لە زیندووکردنەوەی زەبری دەروونی گرینگترینە.

ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێک، سیید داوای پابەندبوونێکی سەرتاسەریی لە میدیاکاران و ڕێکخراوەکان و ئاژانسەکانی یو ئێن و توێژەران و، هەروەها هەر کەسێک کە کار لەسەر چیرۆکی ڕزگاربووان دەکات کە، لە کاتی ڕووماڵکردنی توندوتیژی دژ بە ژنان و کچان، ڕەچاوی بەرزترین پێوەرە ئاکارییەکان بن.

-کۆتایی-

——————————————————————————

دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەرووندروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و حەواندنەوەی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەوی و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و نەریت و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە: media@seedkurdistan.org