
١١/ ٢/ ٢٠٢٥ لە ڕۆژی جیهانی ئینتەرنێتی سەلامەتدا، رێکخراوی سیید داوا لە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە دەکات ڕێکار بگرنەبەر و هاوکار بن لە پاراستنی منداڵان لە مەترسییەکانی سەر ئینتەرنێت. لێرەدا، هەندێک ئامۆژگاری و ڕێوشێن دەخەینەڕوو بۆ پاڵپشتی دایبابان و چاودێران لە پاراستنی منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵیدا. ئینتەرنێت کۆمەڵێک سوودی بێ شووماری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسی زۆری هێناوەتە ئاراوە، بە تایبەت بۆ منداڵان و خێزانەکانیان. تێگەیشتن لەم مەترسییانە وەک کلیلی پاراستنی سەلامەتی لە جیهانی دیجیتاڵیدا هەژمار دەکرێت.
ڕاپۆرتێکی (Childlight) بۆ ساڵی ٢٠٢٤ باس لەوە دەکات کە نزیکەی (٣٠٠) ملیۆن منداڵ لە جیهان کەوتوونە ژێر کاریگەری بەدمامەڵە و بەدقۆستنەوەی سێکسی لەسەر ئینتەرنێت (ئۆنڵاین).
لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا، تاوانبارانیش شێوازەکانی خۆیان دەگۆڕن، و ئامرازەی پێشکەوتووی وەک ژیریی دەستکرد بەکار دێنن بۆ هەڵخەڵەتاندن و دروستکردنی ناوەڕۆکی زیانبەخش. ئەمە تەنها ئامارێک نییە، بەڵکۆ قەیرانێکە و کاریگەری تەواو دەکاتە سەر منداڵان لە هەموو سووچێکی جیهان. بۆیە، کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بگرینەبەر. زۆر خێزان پێیانوایە منداڵەکانیان پارێزراون چوونکە لە ماڵەوەن، بەڵام کاتێک منداڵان یان گەنجان تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی بەکار دێنن، ئەوا دەکەونە بەر مەترسی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بە چەندین شێوازی جیاواز. دەکرێت ئەوەی لەسەر ئێنتەرنێت ڕوودەدات دەرەنجامی ڕاستەقینەی لە ژیاندا واقیعیدا لێ بکەوێتەوە. گرتنەبەری چەند هەنگاوێکی سەرەتایی دەکرێ هاوکار بێت بۆ پاراستنی خۆت و خێزانەکەت.
درککردن و تێگەیشتن لە مەترسییەکانی سەر ئینتەرنێت
- جۆرەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی بناسە: دەستوەردان و گرتنەبەری هەنگاوی خێرا زۆر گرنگە کاتێک منداڵەکەت ڕووبەڕوو یان نیشانەکانی بەدمامەڵەی ئۆنڵاینی لەسەر دەردەکەوێت. ناسینەوەی جۆرەکانی توندوتیژی ئەلیکترۆنی گرنگە، چونکە دەکرێت کاریگەری بکاتە سەر منداڵەکەت و دەرەنجامی خێرا و نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە، وەک:
- خۆسەپاندن (شەڕ پێفرۆشتن)ی ئۆنڵاین: گێچەڵپێکردن، هەڕەشەکردن، یان سووکایەتی پێکردن بە ئۆنڵاین.
- بەدمامەڵە لەسەر بنەمای وێنە (دەستکاریکردنی وێنە): بڵاوکردنەوە یان دەستکاریکردنی وێنە و ڤیدیۆ بەبێ ڕەزامەندی خاوەنەکەی.
- دزینی ناسنامە یان تایبەتمەندی: بەدەستهێنانی زانیاری بەبێ مۆڵەت.
- لەخشتەبردن: تاوانباران پەیوەندی لەگەڵ منداڵان دادەنێن بەئۆنڵاین بۆ مەبەستی سێکسی.
- گێچەڵکردن: هەراسانکردن یان نیگەرانکردنی کەسێک لەڕێگەی فشار لێکردن یان وتن و ئەنجامدانی کردەوەی ناخۆش، کە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ ژیانی ڕاستەقینە.
- شوێنکەوتن بەئۆنڵاین: کرداری بەردەوام و دووبارە کە دەبنە هۆکاری چاندنی ترس و دڵەڕاوکێی قوربانییەکە.
- بزانە لە کوێ و کێ توندوتیژی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدات: دەکرێت توندوتیژی ئەلیکترۆنی لەسەر ئامێرە دیجیتاڵییەکان ڕووبدات – وەک لاپتۆپ، مۆبایل، تابلێت؛ و هەرچەندە وا باوە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام دەکرێت لەسەر ماڵپەڕ و ئاپەکانی یاریکردن و نامە گۆڕینەوە و کات بەسەربردنیش ڕووبدەن. دەکرێت تاوانباران کەسانێکی نامۆ بن و ناسنامەی ساختە بەکار بێنن، یان کەسانێک بن کە دەیاناسن و متمانەتان پێیانە، و دەکرێت منداڵ و پێگەیشتووان ببن بە قوربانی و دەکرێت ببن بە تاوانبار. هەربۆیە ئاگایی و خۆپارێزی لەسەر ئینتەرنێت زۆر گرنگە.
- نیشانەکانی- ئاماژەکانی ناسینەوەی هەبوونی بەدمامەڵەی ئۆنڵاین: هەندێک ڕەفتار هەن کە دەکرێت ئاماژەیەک بن کە منداڵەکەت ڕووبەڕووی بەدمامەڵە و توندوتیژی ئەلیکترۆنی دەبێتەوە، وەک:
- گۆڕانکاری سۆزیی لەناکاو و ڕەفتاری نامۆ.
- کشانەوە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا یان بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر بە شێوەیەکی لەناکاو
- خۆ لادان لە چالاکی یان بۆنەکان کە پێشتر چیژیان لێ دەدیت.
- خۆ بەدوورگرتن لە کاتی خێزانیی یان کات بەسەربردن لەگەڵ برادەران یان ترس لە چوونە خوێندن.
هەنگاوی خۆپارێزی لەسەر ئینتەرنێت
دانانی ڕێنمایی ڕوون بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت: دانانی ڕێنمایی ڕوون بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت گرنگە بۆ پاراستنی سەلامەتی منداڵ لەسەر ئینتەرنێت. ئەمە دانانی سنووری ئەو ئاپ و ماڵپەڕانە لەخۆ دەگرێت کە سەلامەتن بۆ بەکارهێنان، بۆیان هەیە چەند کات بەسەر بەرن لەسەر ئینتەرنێت، و چ جۆرە هەڵسوکەوتێکیان لێ چاوەڕوان دەکرێت. بەشداریپێکردنی منداڵان لە دانانی ئەم ڕێنماییانە دەکرێت هاوکاریان بێت لە تێگەیشتن کە بۆچی دانراون، ئەمەش وادەکات ڕێز لە ڕێنماییەکان بگرن. گرنگە زوو زوو پێداچوونەوە بەسەر ئەم ڕێنماییانە بکرێتەوە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەت، لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجیا بەشێوەیەکی خێرا گەشە دەکات.
فێرکردنی تایبەتمەندی و هۆشیاری ئەلیکترۆنی: فێرکردنی منداڵ بۆ چۆنیەتی پاراستنی تایبەتمەندی خۆی لەسەر ئینتەرنێت بەشێکی گرنگە لە سەلامەتی دیجیتاڵی. دڵنیابەوە کە منداڵەکەت لە مەترسییەکانی هاوبەشکردنی زانیاریی کەسی وەک ناوی تەواو یان ناونیشان یان ناوی قوتابخانەکەی یان وێنەی خۆی تێدەگات. هانیان بدە ئاگاداربن کاتێک لەگەڵ کەسانی نامو کارلێک دەکەن و خۆیان بەدوور بگرن لە کرتەکردن لەسەر بەستەری گووماناوی یان دابەزاندنی هاوپێچ کە دەکرێت پڕۆگرامی زیانبەخش لەخۆ بگرن. هاوکاریان بە لەوە تێبگەن کە هەموو ئەوەی لەسەر ئینتەرنێت دەیبنن ڕاست نییە، و گوومان لەو ئۆفەر و پەیامانە بکەن کە زۆر جوان و باش دەردەکەون.
پەیوەندی کراوە و بوون بە نموونە: پەیوەندی کراوە و متمانە بناغەن بۆ پاراستنی منداڵان لەسەر ئینتەرنێت. بەردەوام لەگەڵ منداڵەکات بدوێ سەبارەت بە چالاکییەکانی لەسەر ئینتەرنێت و حەز بە چ شتێک دەکەن و ئاخۆ هیچ بەربەستێک ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هانیان بدە پەنات بۆ ببەن ئەگەر شتێک ناڕەحەتی کردن بە ئۆنڵاین. کاتێک منداڵ هەست بە ئارامی دەکات و بۆت باس دەکات لەسەر ئینتەرنێت چی دەکات، ئەگەری ئەوە زۆرە داوای هاوکاری بکات ئەگەر ڕووبەڕووی کێشە ببێتەوە. بوون بە نموونەش گرنگە؛ ئەگەری ئەوە زۆرترە منداڵ ڕێنماییەکانت جێبەجێ بکەن ئەگەر ببینن تۆ ڕێز لە تایبەتمەندی کەسانی دیکە دەگریت و خۆت لە ڕەفتاری زیانبەخش بەدوور دەگریت، ئەمەش دەبێتە مایەی دانانی نموونەیەکی ئەرێنی.
پتەوکردنی سکیوریتی (Security): بە پتەوکردنی سکیوریتی دڵنیادەبێتەوە لە سەلامەتی دیجیتاڵی منداڵەکەت و مەترسی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی لەسەر کەم دەکاتەوە. لە فێرکردنی منداڵەکەت چۆن پاسوردی بەهێز و بێوێنە دابنێت دەستپێبکە کە کۆمەڵێک پیت و ژمارە و هێما لەخۆ دەگرێت. هانیان بدە پاسوردەکانیان بە نهێنی بهێڵنەوە و بۆیان ڕوون بکەوە چەند گرنگە پاسوردی جودا بۆ هەژماری جودا بەکار بێنن. کاراکردنی پاسوردی دوو-فاکتەری هەر کاتێک جێبەجێ بوو چینێکی پاراستنی زیاتر دەخاتە سەر هەژماری ئۆنڵاین. جگە لەوە، ئاگابوون لە ئاپی نوێ و مەترسییە شیانەکان یارمەتی دایبابان دەدات بەسەر هەڕەشە نوێیەکاندا زاڵبن.
مۆڵەت و ڕەزامەندی پێشوەختە پەیڕەو بکە: لە منداڵان بپرسە ئاخۆ ئاساییە وێنە و ڤیدیۆکانیان هاوبەش بکرێن لەسەر ئینتەرنێت، و پرسیار لە دایبابانیان بکە ئەگەر منداڵی خۆت نەبوون پێش ئەوەی بڵاویان بکەیتەوە.
زانیاری زیاتر و داواکردنی هاوکاری
- بزانە لە کوێ داوای هاوکاری دەکەیت: ئەگەر خۆت یان کەسێکی ئازیزت بوون بە قوربانی گێچەڵی ئەلیکترۆنی، بزانە کە هاوکاری بەردەستە. زانیاری پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتە خۆجێی و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و تۆڕەکانی پاڵپشتی بپارێزە لای خۆت. ئەگەر لە هەرێمی کوردستانیت، دەتوانیت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە (١١٩) بکەیت کە ٢٤ کاتژمێر بەردەستە.
- بەردەوام بە لە فێربوون سەبارەت بە سەلامەتی ئۆنڵاین: بۆ ئەوەی بەردەوام بیت لە فێربوون سەبارەت بە سەلامەتی ئۆنڵاین، چەند سەرچاوەیەکی بێبەرامبەر بەردەستە. ماڵپەڕی وەک NetSmartz و Australian eSafety Commissioner کۆمەڵێک بابەت پێشکەش دەکەن کە هاوکاری دایبابان و منداڵان دەکات لە سەلامەتی ئۆنڵاین تێبگەن. پڕۆگرامەکانی گووگڵ بە ناوی Abtal Al Internet و World Vision’s Keep Children Safe Online ئامرازی بەبەها پێشکەش دەکەن بۆ فێرکردنی منداڵان سەبارەت بە پاراستن و ناسنامەی دیجیتاڵی.
ئێمە لە سیید پابەندین بە ئافراندنی ئایندەیەک کە هەمووان تیایدا گەشە بکەن – بە ئۆنڵاین و لە ژیانی ڕاستەقینە. بە پاڵپشتی پڕۆگرامی سەلامەتی دیجیتاڵی کۆمەک بەخشمان، هیوادارین هۆشیاری بڵاوبکەینەوە و کارامەیی گرنگ بنیات بنێین و داکۆکی بکەین بۆ چوارچێوە و ڕێکاری پارێزگاری بەهێزتر. خێزان و کۆمەڵگا بەهێز دەکەین بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بچنە نێو جیهانی دیجیتاڵی و خۆیان و منداڵەکانیان بپارێزن لە مەترسییەکان لەسەر ئینتەرنێت. دەتوانین پێکەوە ئینتەرنێت بکەین بە شوێنێکی ئارامتر و هاوکاری منداڵان بین گەشە بکەن و فێربن لە ژینگەیەکی دیجیتاڵی ئارامدا.
بۆ زانیاری و سەرچاوەی زیاتر لەسەر دەستپێشخەرییەکانی سیید لەسەر ڕێگرییکردن لە توندوتیژی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق، سەردانی ماڵپەڕەکەمان بکەن.