ڕۆژی جیهانیی ژنان

خێراکردنی پێشکەوتنەکان لە عێراق لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە چاککبوونەوەی ژنانی زیانلێکەوتوو بە هۆی ململانێیەکان

هەولێر، عێراق – ٨ ی ئازاری ٢٠٢٤: لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا، جەخت لەوە دەکەینەوە کە وەبەرهێنان لە ژنان کلیلی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی بەهێز و سەقامگیر و خۆڕاگرە. گەرەنتیکردنی پێکەوەگرێدانی ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنیان لە ڕووی ئابووریی و نوێنەرایەتی کردنیان لە ڕووی سیاسییەوە دەبێتە هۆی بەرقەراربوونی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناو گەلاندا و لێکەوتەی باشتری دەبێت بۆ هەموو لایەک.

ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر پەسەندکردنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزیدی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە تێدەپەڕێت. یاسایەکە چوارچێوەیەکی پێشکەوتوو و تۆکمەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕزگاربووانی دەستی داعش، وە ئەم یاسایە ئامرازێکە بۆ دانپێدانان و ناسینەوەی ئەو ئاستەنگە بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی هەندێک لە کۆمەڵگە لاواز و زیانلێکەوتووەکانی ململانێیەکان لە عێراق دەبنەوە – بە تایبەتی ژنان و کچان.
لە کاتێکدا زۆر هەنگاوی بەرچاو بۆ پێشخستنی پێگەی ژنان لە عێراقدا نراوە، بەڵام تا ئێستاش چەندین ئاستەنگی سەرەکی ماون. ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنان لە قوتابخانەکان و لە هێزی کار و لە ژیانی گشتیدا تا ڕادەیەکی بەرچاو نزمە. لە عێراقدا ڕێژەی وەرگرتن و خوێندەواری خوێندکارانی کچ کەمترە و ڕێژەی وازهێنانیان لە خوێندن زیاترە بە بەراورد بە کوڕان ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسۆی دامەزراندن و سەقامگیری دارایی و دەرفەتی پیشەیییان دروست کردووە. بەپێی ئامارەکانی ئەم دواییە، ژنان تەنها ڕێژەی ١١٪ی هێزی کار پێک دەهێنن کە دەبێتە هۆی بەرکەوتنی زیاتری خێزان و کۆمەڵگەکان بە هەژاری و هەروەها ئاماژەیەکە بۆ سازشکردن لەسەر توانای گەشەسەندنی ئابووری و گەشەسەندنی بەردەوام.

ئەم نایەکسانییانە بە هۆی دووبارەبوونەوەی ململانێکانەوە چڕتر بوونەتەوە. لە کاتی جەنگدا، نائارامیی بەربڵاو و کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و لەناوبردنی بە ئەنقەستی دامەزراوە پەروەردەییەکان و ئەزموونەکانی ئاوارەبوون و بە دیل گرتن، دەتوانن وە توانیویانە پرۆسەی فێربوون و پەروەردەی منداڵان بە شێوەیەکی بەرچاو بپچڕێنن. کچان بە شێوەیەکی نایەکسان کاریگەرییان لە سەر دروستدەبێت. هەندێکیان هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە و لە خوێندن و سوودەکانی فێربوون بێبەش دەبن، هەروەها دەستڕاگەیشتنیان بە بژێوی بەردەست و پشت بەخۆبەستنیان کەمدەبێتەوە و سەرئەنجام لە بازنەی هەژاریدا خۆیان دەبیننەوە.
یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزیدی دەرچوێندرا بۆ ئاسانکاریکردن بۆ چاکبوونەوە و دووبارە ڕاهێنانەوە و تێکەڵکردنەوەی ڕزگاربووان – بە تایبەتی ژنان و کچان – لە ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو زیانانەی کە لە ئەنجامی ململانێکانەوە سەریانهەڵدا. ئەو یارمەتییە تایبەتانەی کە بەپێی یاساکە بەردەستن بریتین لە پارەی قەرەبووی مانگانە؛ دەرفەتی خوێندن و لێخۆشبوون لە مەرجەکانی تەمەن بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ خوێندن کە زۆربەیان تەمەنیان لە دەرەوەی ڕێوشوێنی خوێندن بووە؛ و هەلی کار لە ڕێگەی پێشخستنی دەستڕاگەیشتنیان بە دامەزراندن لە کەرتی گشتی. جێبەجێکردنی تەواوی ئەم ڕێوشوێنانە دەتوانێت پاڵپشتی ژنان بکات لە گەڕانەوە بۆ خوێندنگە و دەستکەوتنی هەلی کار، یارمەتیان بدات بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری و ئاوارەبوونی درێژخایەن و کەمکردنەوەی ئەو جیاوازییانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە چڕتر بوونەتەوە.

پەسەندکردنی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزیدی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە پیشاندانی پابەندبوونێکی گەورە بوو بۆ وەبەرهێنان لە ژنان دا وە دڵنیابوون لەوەی کە ئەوانەی کە بە شێوەیەکی نا یەکسان ڕووبەڕووی گیروگرفت بوونەوە لە ئەنجامی ململانێدا، فەرامۆش نەکراون. لە کاتێکدا پێشکەوتنی بەرچاو لە جێبەجێکردنی یاسایەکە لە دوای پەسەندکردنی لە ساڵی ٢٠٢١ هاتووەتە کایەوە، لەوانەش پێدانی قەرەبووکردنەوەی دارایی سەرەتایی بۆ زیاتر لە ١٦٠٠ ڕزگاربوو، زۆر شت ماوە کە بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو یارمەتییە بەڵێندراوەکان دەگەنە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.


لەم ڕۆژەدا، سیید داوا لە حکومەتی عێراق دەکات کە وەبەرهێنان لە ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئاییندەی نەتەوە دا بکات بە لە پێشینەدانانی جێبەجێکردنی بەردەوامیی یاسای ژنانی ڕزگاربووی ئێزیدی. بۆ ئەوەی عێراق سوودی تەواو لە توانای ژنان بۆ بەشداریکردن وەربگرێت، دەبێت ئەو بۆشاییە فراوانەی نێوان ژنان و پیاوان نەهێڵێت بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە کاریگەربوون بە ململانێکان. کاتێک ژنان گەشە دەکەن، هەموومان گەشە دەکەین.

-کۆتایی-
دەزگای سیید ڕێکخراوێکی ناوەخۆییە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق کار دەکات. سیید پابەندە بە پاراستن و پشتیوانی کردنی باشبوونەوەی ڕزگاربووانی توندوتیژی و ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیدان. ڕێبازمان بۆ ئەم ئەرکە ڕێبازێکی لێکدراو و گشتگیرە. خزمەتگوزاری شیاو و فراوان دابین دەکەین، لەوانەش پشتیوانیی دەروون دروستی و پاڵپشتیی دەروونی – کۆمەڵایەتی، یاسایی، پارێزگاریی و داڵدەدانی ڕزگاربووان لە خانەکانی داڵدەدان. هەروەها، سیید ڕاهێنان و خولی پەروەردەیی و پەرەپێدان بە تواناکان بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە کار بۆ پاراستن و خزمەتکردنی ڕزگاربووان دەکەن. هاوکات، دەزگاکە کاری پەیڕەو و داکۆکیکاری دەکات بە مەبەستی بەهێزکردنی یاسا و ڕێنمایی و پێڕەو و پارێزگارییەکان بۆ کەسانی لێقەوماو، و برەودان بە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی.

بۆ زانیاریی زیاتر، تکایە پەیوەندیی بکەن بەم ئیمێڵە: media@seedkurdistan.org