بەیاننامەی ڕۆژنامەوانی

کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی (کاری کۆمەڵایەتی و شوناسی پیشەیی)

درککردن بە گرنگیی کاری کۆمەڵایەتی لە بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشتر بۆ هەمووان

٢٩-٣٠ نیسانی ٢٠٢٤، سلێمانی-عێراق: زانکۆی سلێمانی و زانکۆی سەڵاحەدین – هەولێر و دەزگای سیید، بە سەرکەوتوویی چالاکییەکانی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی کاری کۆمەڵایەتییان لە هەرێمی کوردستان بە جێ گەیاند. کۆنفرانسەکە لە ڕۆژی یەکەم پێشوازی لە زیاتر لە ١٠٠٠ ئامادەبوو کرد و، سەبارەت بە پانێڵەکان، زیاتر لە ٧٠ توێژەر لەسەر ئاستی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی لە وڵاتەکانی ئەمریکا و تەنزانیا و ئەڵمانیا و سوید و میسر بەشدار بوون تا وەبەرهێنان لە بواری کاری کۆمەڵایەتی و هەروەها فراوانکردنی بکەن و سەرئەنجام، چ وەک پیشە چ وەک بەشێکی زانکۆیی، کاری کۆمەڵایەتی خزمەتێکی باشتر بە کۆمەڵگە بکات.

پ. د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، وتەی دەستپێکی پێشکەش کرد، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ کارەکانی لیژنەی ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە لە پابەندبوونیان بە یارمەتیدانی کەسانی شکستەبار دەربڕی. سەرۆکی زانکۆی سلێمانی گوتی، “هیوای گەورەمان بە لێکۆڵینەوە و بە هەوڵەکانتان هەیە. ئێوە لە هەموو شوێنێک دەتوانن جێپەنجەی خۆتان جێ بهێڵن. نەخۆشخانەکان و بنەکەکانی پۆلیس و خوێندنگەکان، بگرە تەواوی کۆمەڵگە، پێویستیان بە ئێوەیە.”

پ. د. قادر محەمەد حەسەن، ڕاگری کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی سەڵاحەدین پێشوازی لە میوانەکان کرد و ڕایگەیاند، “ئەم کارە هاوبەشەمان لەگەڵ زانکۆی سلێمانی هاوکاتە لەگەڵ (٥٠)مین ساڵیادی بۆردوومانی زانکۆی سلێمانی لە قەڵادزێ. ئەوکات خەڵک بە یارمەتیدانی برینداربووان هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان دەربڕی، ئەمەیە کاری کۆمەڵایەتی – یارمەتیدانی خەڵک.” خاتوو شێری کراهام تاڵەبانی، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای سیید بە ناوی ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکەوە دواهەمین وتەی بەخێرهاتنی پێشکەش کرد.

خاتوو کوێستان عەبدوڵڵا مەعرووف، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی توێژەرانی کۆمەڵایەتی لە کۆمەککردن بە کارەکانی وەزارەتی ناوبراو لە ڕێی گەیاندنی خزمەتگوزاری لە خانەکانی چاکسازی و بێسەرپەرشتان و هەروەها شێڵتەرکانی ژنان و یەکەکانی چاودێریی بەتەمەنەکان و خاوەن پێداویستیی تایبەت، کرد. بەڕێز وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند، “پێویستییەکی زۆرمان بە شارەزایانی بواری دەرووندروستی [لەوانەش توێژەرانی کۆمەڵایەتی] هەیە …. لە هەندێک لە خانەکانی چاکسازی، ٢٠ توێژەری کۆمەڵایەتیمان هەیە بۆ چاودێریی ٢ هەزار زیندانی. لە درێژەی قسەکانیدا خاتوو کوێستان گوتی، “پێویستمان بە دەرچووە تازەکانی ئێوە هەیە تا بۆشاییەکانمان لە پێدانی پاڵپشتی و چاودێریی سۆزەکی پڕ بکەنەوە. داوا لە دەرچووان دەکەین لەگەڵ ئێمە کار بکەن.” دوای بەڕێز وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، د. مارتن ئۆریلی، مامۆستا لە زانکۆی نێودەوڵەتیی کامپالا لە تانزانیا، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لە بەتاڵکردنەوەی پەڵەی کۆمەڵایەتی لە وەرگرتنی یارمەتی و برەودان بە تازەگەری لە خزمەتکردنی هەموو کەسێک بێ ڕەچاوکردنی تەمەن و پاشخانی کەلتووری، کردەوە. د. مارتن ئاماژەی بە هێزی کاری کۆمەڵایەتی کرد و دووپاتی کردەوە کە ئەم بوارە گرینگە، نەک تەنیا لە یارمەتیدانی خەڵکانی دیکە، بەڵکو بۆ خۆشمان بە کەڵکە.

کۆنفرانسەکە لێکەوتەی چوار ساڵی کارکردنی هاوبەشی نێوان سیید و دوو زانکۆکە بوو، لە هەرێمی کوردستان تەنیا زانکۆی سلێمانی و زانکۆی سەڵاحەدین پرۆگرامی کاری کۆمەڵایەتی پێشکەش دەکەن. لەم بارەیەوە، سەرۆکی دەزگای سیید ڕایگەیاند، “سیید وەبەرهێنان لە بەهێزکردنی کارامەییەکان لە پیشە فریاگوزارییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆ حکومییەکان دەکات، مەبەستمان لەم کارە دڵنیابوونە لەوەی خەڵکی کوردستان دەستیان بەو یارمەتییە بگات کە پێویستییان پێیە. ئەم کۆنفرانسە زانستییەمان بەستووە تا ئاماژە بە تایبەتمەندییەکانی کاری کۆمەڵایەتی بکەین و چەند پێشنیازێک بۆ هەموارکردنەوەی پەیڕەوی خوێندن بخەینە ڕوو و هەروەها پێوەرە پیشەییەکانی ئەم بوارە پێناسە بکەین، کە سەرئەنجام برەو بە ناسینی پیشەی کاری کۆمەڵایەتی دەدەن و کاریگەرییەکانی بەسەر کۆمەڵگە چڕتر دەکەنەوە. سیید پابەندە بە کۆمەککردن بە بەرجەستەبوونی پەیڕەوێکی تۆکمەی خوێندن بۆ خوێندکارانی بەشی کاری کۆمەڵایەتی و جێگیرکردنی شوناسێکی پیشەیی شیاو بۆیان.”

بەدەر لە کۆنفرانسەکە، سیید هەڵسەنگاندنێکی سەبارەت بە پرۆگرامی کاری کۆمەڵایەتی لە هەر یەکێک لە دوو زانکۆکە ئەنجام دا، لەم بارەیەوە ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە کە تیشک دەخاتە سەر کەموکوڕییەکان و هەروەها دەرفەتەکانی چارەسەرکردنیان. دوای ڕاپۆرتەکە، سیید زنجیرە وۆرکشۆپێکی پێداگۆژی (شێوازەکانی وانە گوتنەوە) بۆ مامۆستایانی بەشەکە پێشکەش کرد، هاوکات چەند دانیشتنێکی بەرایی لەسەر بەڕێوەبردنی کەیس توندوتیژیی ئەلیکترۆنی و شارەزاییەکانی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی بەستن بۆ خوێندکاران ئەنجام دا، ژمارەیەک کتێب و وتاری ئەکادیمیشی بە بەشەکە بەخشی تا ژینگەی فێربوون دەوڵەمەندتر بکات. هاوئاهەنگیی نێوان سیید و هەردوو زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەدین پرسی پێداچوونەوەیەکیشی بۆ پەیڕەو (مەنهەج)ی خوێندن لە بەشی کاری کۆمەڵایەتی لێ کەوتەوە، مەبەست لەم پێداچوونەوەیە بریتییە لە هاوتاکردنی ناوەڕۆک و زمان و پێکهاتەی پرۆگرامەکە لە هەردوو زانکۆی ناوبراو. ئەم بابەتەش تەوەرێک بوو لە تەوەرەکانی وۆرکشۆپێکی فرە دانیشتنە کە لە کاتی کۆنفرانسەکە بەڕێوە چوو. هەموارکردنەوە مەنهەجییەکە زیاتر لە ساڵێک دەخایەنێت بەر لەوەی بدرێت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ پەسەندکردن.

چەندین توێژەر و کەسی ئەکادیمی لە سەرانسەری دنیا توێژینەوەی خۆیان پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرد، ناوەڕۆکی زیاتر لە ٣٨ لەم توێژینەوانە لە کۆنفرانسەکە خرانە ڕوو. توێژینەوەکان لەسەر چەند پرسێکی وەک بەتاڵکردنەوەی ڕەهەندە کۆڵۆنیاڵییەکان لە زانستی کۆمەڵایەتی-دەروونی لە هەرێمی کوردستان، کاریگەریی تەکنەلۆژیا بەسەر ژیانی گەنج، بەکاڵاکردنی جەستەی ژنان، خۆسووتاندن، و گەشەسەندنی کاری کۆمەڵایەتی – لەوانەش ڕۆڵی توێژەرانی کاری کۆمەڵایەتی لە خوێندنگە و کامپ و هەروەها پشتگیریکردنی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت – ئەنجام درابوون.

ئەو توێژینەوانەی لە کاتی کۆنفرانسەکە خرانە ڕوو تیشکیان خستە سەر بەربەست و دەرفەتەکانی بەردەم کاری کۆمەڵایەتی و هەروەها ڕۆڵی لە ڕەهەندە جیاوازەکانی کۆمەڵگە. لە چەند مانگی داهاتوودا، توێژینەوەکان لە گۆڤاری زانکۆی سلێمانی کۆ دەکرێنەوە و بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بڵاو دەکرێنەوە.

د. پاڤێ جەمیل ئەحمەد، ڕاگری کۆلێژی زانستە مرۆییەکان لە زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە ئامانجی کۆنفرانسەکە گوتی، “کاری کۆمەڵایەتی و سازان لە کۆمەڵگە، سەکۆی بەدیهاتنی ژیانێکی باشترن بۆ هەمووان. هیوامان وایە ئەم کۆنفرانسە ببێتە بناغەیەک بۆ نوێگەری و داهێنان و هەروەها هانی هەمووان بدات کە خزمەتی مرۆڤایەتی بکەن.”

لیژنەی ڕێکخستنی کۆنفرانسەکە سوپاس و پێزانینی بۆ دەزگای میدیایی کوردسات هەیە بۆ سپۆنسەر کردنی کۆنفرانسەکە و ڕووماڵکردنی هەر یەکە لە ڕێوڕەسمی دەستپێکردن و وتارە سەرەکییەکان و چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ڕێکخەر و پێشکەشکارەکان.

-کۆتایی-

بۆ پرسیارە میدیاییەکان:

دەزگای سیید – media@seedkurdistan.org